له یاداشتنامه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتندا كه ئه‌مڕۆ له‌نێوان به‌ڕێز خالد دۆسكی وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان و كۆڵن مه‌ككینز جێگری نوێنه‌رایه‌تی یونیسێف له عێراق واژۆ كرا هه‌ردوولا پابه‌ندبوونی خۆیان بۆ خزمه‌تكردنی منداڵه ئاواره ناوخۆییه‌كان و هه‌روه‌ها منداڵانی هه‌ژاری ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه ده‌ستپێشخه‌ری "نا بۆ له‌ده‌ستدانی نه‌وه‌یه‌ك" ده‌یانگرێته‌وه دووپات كرده‌وه.
له‌میانه‌ی سه‌ردانێكدا بۆ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان وه‌فدێكى ئۆفیسی هه‌ولێری سندووقی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان له‌گه‌ڵ وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان كۆبوونه‌وه و یاداشتنامه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتنیان واژۆ كرد، كه به‌پێی یادداشتنامه‌كه هه‌ردوو لایه‌نی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان و یونیسێف له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون كه له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری "نا بۆ له‌ده‌ستدانی نه‌وه‌یه‌ك" كار بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه بردنی داخوازی و ئامانجه هاوبه‌شه‌كانیان بكه‌ن.
له به‌شێكی دیداره‌كه‌دا وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان باسی له كێشه و گرفته‌كانی به‌رده‌م منداڵان ولاوانی ئاواره‌ی و ناوخۆیی و سوریای كرد و رایگه‌یاند كه ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌بێ جیاكاری و جیاوازی جێنده‌ری، نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی خزمه‌تی هه‌موو منداڵ و لاوان بكه‌ن، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه له‌ئێستادا له‌به‌ر كێشه‌ی دارایی ناتوانێت وه‌ك پێویست خزمه‌تی ئه‌م توێژه گرنگه‌ی كۆمه‌ڵگه بكات كه داهاتوو له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان بنیات ده‌نرێت. وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان هه‌روه‌ها داوای له یونیسێف كرد كه ده‌نگی منداڵان و ویستی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌هاناوه‌چوونی منداڵان بگه‌یه‌نێته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و داوای هاریكاری زیاتر له وڵاته كۆمه‌كبه‌خشه‌كان بكات.
هه‌ردوو لایه‌ن هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون كه له‌ڕووی ته‌كنیكی و سه‌رمایه‌ی مرۆڤی و داراییه‌وه پشتیگیری و هاریكاری ده‌ستپێشخه‌ری "نا بۆ له‌ده‌ستدانی نه‌وه‌یه‌ك" بكه‌ن.
ده‌ستپێشخه‌ری "نا بۆ له‌ده‌ستدانی نه‌وه‌یه‌ك" یه‌كێكه له ستراتیجییه هه‌نووكییه‌كانی یونیسێف كه به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتری منداڵانی ئاواره و په‌نابه‌ر و منداڵه هه‌ژاره‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه ئاواره‌ی ناوخۆیی و په‌نابه‌ری سورییان تێدایه كاری پێده‌كرێت.
ئامانجی ده‌ستپێخه‌رییه‌كه ئه‌وه‌یه پیشتگیری ئه‌و منداڵانه بكات كه شه‌ڕ و راگواستن و ئاواره‌یی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر داناون و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ناخۆشی و ماڵوێرانییه بیانگه‌ڕێنێته‌وه دۆخێكی ئه‌رێنی.

