ئەمڕۆ کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆ، لە شاری لەندەنی بەریتانیا، دوانگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نیوەڕۆخوانێکی بۆ کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی دوانگە و کادیرانی یەکێتی نیشتمانی ڕێکخست.
هەروەها شاڵاو کۆسرەت ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئامادەی نیوەڕۆخوانەکە بوو، لەو نیوەڕۆخوانەدا بە گشتی گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی کوردستان و پێشهاتەکان و دۆخی ڕێکخراوەیی یەکێتی کرا، بەتایبەتیش لە وڵاتانی دەرەوە، کە نەتوانراوە وەک پێویست سود لە توانستی کادیرانی دەرەوە وەربگیرێت بەهۆی نەبوونی پلانێکی گونجاوی رێکخراوەیی.
لە لێدوانێکیدا بۆ پێنوسەکان، سەمەد ئەسعەد، یەکێک لە هەڵسوڕاوانی دەستەی دوانگەی یەکێتی لە بەریتانیا گوتی:
لە دوای ڕاگەیاندنی دوانگەوە لە بەریتانیا، هەوڵمانداوە زۆرترین خەڵک بەسەربکەینەوە و پەیوەندیان پێوە بکەین، بۆ ئەوەی بیرو ڕایان وەربگرین بۆ دەوڵەمەندکردن و پێشخستنی پڕۆژەی دوانگە، لە پێناو سودمەندبوون لە توانای سەرجەم ئەو کادیرانەی کە بەهەر هۆیەکەوە دابڕاون لە ڕیزەکانی یەکێتی، هەروەها کەسانێکیش هەن کە سەر بەڕیکخستنەکانی یەکێتی نەبوون، بەڵام کەسانی ئەکادیمی و خاوەن بەهرە و توانای جیاوازن، پەیوەندی بەوانەشەوە کراوە بۆ ئەوەی بەجۆرێک بتوانین لە داهاتوودا سود لە تواناکانیان وەربگرین بۆ خزمەتکردنی کوردستان و بردنە پێشەوەی زیاتری پرسی کورد لە ناوەندە جیهانیەکاندا.
لە بەرنامەشماندایە زنجیرە کۆبوونەوەیەک ڕێکبخەین، بۆ گەشەپێدانی پڕۆژەی دوانگە و گواستنەوەی ئەو ئەزموونە بۆ ئەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە ڕەوەندی کوردی تێدایە.
فریاد بەرانەتی، کە یەکێکە لە هەڵسوڕاوە دیارەکانی دوانگە، بە پێنوسەکانی ڕاگەیاند:
لەوانەیە بەهۆی کەمو کورتیەکانی ڕابردووی دەسەڵاتی کوردی و لە نێویشیاندا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هەندێ لەمپەرمان بۆ دروست ببن، بەڵام باوەڕمان وایە، پڕۆژەی دوانگە فراونتر دەبێ و دەشتوانێت خزمەتی زیاتر بە پرسی کورد و ئۆرگانە ڕێکخراوەییەکانی یەکێتی نیشتمانی بکات لە دەرەوەی وڵات.

