اجعل مدونتك افضل مدونة مع التصاميم المجانيه

الخميس، 9 أبريل 2015

گفتوگۆی دوو مونەقەبە لەبازاڕێکی شەعبیدا

مونەقەبەی دووەم: بۆ وادەزانیت من ڕازیم بەوەی دەیکەم؟ بەر لە ساتێك خۆم کێشا بە تۆ، چونکە ڕامکرد لە دوکانی زێڕینگەرێك، پارچە زێڕكی بەنرخم دزیبوو، بەخێرایی ڕامکرد بۆ ناو ئەو دەریا ڕەشە قەرەباڵغە، کە دەڵێیت دیمەنێکی تازیەباریە، وەك بڵییت ئافرەت کچی حەوا نەبێت، بەڵکو کچێکی نازداری ئەهریمەن بێت.
من هەست بە خۆشیەکی لە ڕادەبەدەر دەکەم کاتێ گوناهەکانم لە دژی پاسەوانانی ڕەوشت تۆمار دەکەم. ئەگەر وڵات وگەلی خۆم خۆشنەویستبا، بە تووندی داوای گواستنەوەی جانتایەکم رەت نەدەکردەوە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێکی تر، چونکە دەمزانی سەرەتای کارێکی تیرۆرستیە. من بەو شێوەیەش شەیتانێک نیم لە ژێر نیقابدا.
کاتێ یەکێ تاوانێك ئەنجام دەدات، دەزگای ئاسایش یەکەم شت بەدوای بگەڕێت، ئەگەر لە ئەلف وبێی سیاسەتی ئاسایش بزانن، بریتیە لە وەسفی تاوانبارەکە، ودۆزینەوەی پەنجەمۆریەتی، کە خودا وای دورست کردوە قەت دوو کەس وەك یەك نەبن لەسەر ئەو زەویە. ئەو دوو موعجیزەیە، هەر یەکێکیان بەسە بزانین کە ئەو بونەوەرە جوانە دروستکەرێکی داهێنەری مەزنی هەیە. دەموچاو و دوو دەست ئەگەر بیانشارینەوە، مانای ئەوەیە خۆڵمان کردوە بەسەر دوو مەزنترین موعجیزەی خوا!
کۆمەڵگای دەبەنگ کە دەسەڵاتی ساویلکە پاڵپشتی دەکات، مۆری تێپەڕاندنی دەبەنگیەکانیشی لەلایەن پیاوانیکی دینی لیدەدری کە پییان وایە لە دین و دنیاش دەگەن، ئەوانە باوەشیان کردۆتەوە بۆ تیرۆریزم و داوێن پیسی.
منیش وەک تۆ هیوا دەخوازم بچمە ناو خەڵك، قسەیان لەگەڵ بکەم، دەموچاوم ببینن، هەست وسۆزم ئاشکرا بکەم، پیاو ڕیزم لی بگرێت وەك مرۆڤیك جیاوازی نەبێت لەگەڵ ئەو، نەك بەڵگە لە کۆنە کتێبەکان بهینیت بۆ ئەوەی بڵێت بەدیارکەوتنی دەموچاوم خوا توڕە دەکات.
مونەقەبەی یەکەم: ئەوە مانای ئەوەیە تۆ تۆڵە لە پیاوان دەکەیتەوە، یان هۆکاری تر هەیە لە دوای ڕەفتارە سەربزێوەکانت؟
مونەقەبەی دووەم: من دەمەوێ بۆ پیاوی بسەلمێنم کە ئەوەی لیی دەترسێت پیاوانێکن وەك خۆی، لەوانەیە برای یان باوکی یان مامی یان برادەری خۆشەویستی خۆی بیت. توڕەییەکی زۆر لە ناخمدا پەنگ دەخواتەوە لەبەر ئەو دووالیزمەی نیرەکانی میللەت تیایدا دەژین، زۆربەیان بیر لە نیوەی خوارەوەی پیاو و ئافرەت دەکەنەوە بە یەکسانی.
جارێکیان هەر بە ڕێکەوت نیقابەکەم هەڵدایەوە بۆ دوو خولەك، چونکە هەستم بە ئازارێك دەکرد لە دەموچاوم لەبەر بەریەک کەوتنی لەگەڵ پارچە قوماشێکی زبر وسەرەڕای گەرمای هاوین، ئاوێنەکەم دەرهێنا لییم دەروانی، لە ناکاو پیاوێکی پاسەوانی ڕەوشت وفەزیلەت پیم هەڵشاخا لەبەر چاوی خەڵك، وەك بڵێی من لەسەر شۆستەکە زینا بکەم.
سورپرایسەکە لیرەدا نیە، پاش کەمتر لە نیو سەعات هەمان پیاوم دیت گێچەڵی بە ژنان دەکرد لە شوێنێکی قەرەبالغ!
چاکی وفەزیڵەتی ئافرەت لە جاکی و فەزیڵەتی پیاو دەست پێدەکات، پیاوانمان بەندەی سەردارەکانیانن، پیاوە هەر خەڵکیتر دەتۆقێنێت، و بازرگانی چەك دەکات، وخاوەنی سۆزانیخانە و مەیخانە و تیاترۆخانەکانە، هەر ئەو نەخۆشی ئایدزی بۆ هێناین بەدیاری لە سەفەرە گوماناویەکانیدا. پیاوە ماستاو بۆ دەسەڵات دەکات، تەجاوز بە ئافرەت دەکات، حورمەتی پیاوانیش هەتك دەکات لە زیندانیەکاندا، گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدەکەنێ بۆ هاونیشتینمانانی بە ناوی سەرکردەی وڵات، مێژوو ساختە دەکات، دۆکیومێنتی نیشتیمانی ساختە دەکات، ناچارمان دەکات لەسەر تێگەیشتنیکی نەخۆشانە
بۆ ئیسلامی پاکمان.
پیاوە لە ئافرەت دەدات وسوکایەتی پێ دەکات، دوایش لە نوێژیدا خەون بە حۆریەکان دەبینێت، کە پاش هەر هەر جووت بونیك کچێنی دەگەڕیتەوە دۆخی جاران. پیاو نەخۆشە بە ئافرەت، بە دەسەڵاتێکەوە رەفتار لەگەل ئافرەت دەکات، وەک قەرەبوویەك بۆ بێ دەسەڵاتی لەبەردەمی سەرۆکی لە کاردا، یان لە پۆلیسخانە لە ژیر قامچی ئۆفیسەرەکانی پۆلیسدا، یان لەپێش زانا وفەقیهەکان کە باسی چۆنیەتی مامەڵەی ئافرەتی بۆ دەکەن لەسەر جێگا و جووت بوون و حەیز و نشوز و یاخی بوون، بەڵام فێری ئادابی ڕەفتارکردن و ڕەتکردنەوەی کۆیلایەتی ناکەن، بەرلەوەش فێری پاراستنی کەرامەتی
ناکەن وەك هاوڵاتیەکی ئازاد و سەربەخۆ.
یەکەم:هەست بە غەزەبیکی گەورە دەکەم کە قەوارەیەکی بچوك ولاواز دەهەژێنێت، خوشکی بچوکم تۆ پێویستیت زۆر بە پیاوێکە بتپارێزێت، پێویستیت بە سینەیەکە سەرت بخەیتە سەری، پێویستیت بە خێزانێکە کە نوتفەی پیاو دروستی دەکات تا ببیتە دایکی مندالان.

دووەم: من بەدوای قەوارە و پێناسەی خۆم دەگەڕێم وەك ئافرەتێکی موسڵمان، تێگەیشتنی پیاوانە هەموو جوڵەیەك و ئاماژەیەكی بۆ دیاری نەکات، یان بە تاوانبار و بەڕەڵلام بزانێت، چونکە من بە گوێی خوام کردوە و دەموچاوی خۆم دەرخستوە.

یەکەم: بیرت لە خشتەت نەبات وابزانیت من لە بەرەی دژی تۆ و کارەساتەکانی تۆم، کە ملیۆنەها ئافرەت بە دەستیەوە دەناڵێنێت، منیش خەون بە ئازادیەکی پابەند دەبینم، خەون بە بەژداریەکی سەنگین دەبینم، و خەون بە تێکەڵاوبوون لەگەڵ ئەندامی ئەو خێزانانە دەبینم کە دەیان ناسین، و تەوقە لەگەڵ برادەری کوڕەکەم بکەم، وڕیزی لێ بگرم و ڕیزم لێ بگرێت.
من لەو باوەڕەدام کە خوای گەورە توڕەیە لە پیاوانی ئەو ئومەتە، ئەوانەی لە دینە مەزنەکەی شتانێکی وا بچووك و بێ ئەرزشیان گەورە کردوە و دەرهێناوە، ئیمە ئیسلام بە دوور دەزانین لەو شتە بی ئەرزشانە.
پیاوی گورگ ڕەفتار هەموو پیاوێکی تر وەك گورگێك دەبینێت کە هاڤڕکێی لەگەڵ بکات لەسەر نێچیرەکەی، بەڵام خۆی وەك یەکێك لەو پیاوانە نابینێت، کە لە خەیاڵیاندا پەلاماری ئافرەت دەدەن!
کێشەکە لەوەدایە پیاو تەفسیری دین و دەسەڵات و جەنگ و لاقەکردن و بازرگانی تلیاك و بنیاتنانی زیندان و سۆزانیخانەکان و پاڵپشتی سەرکردە ملهوڕەکان و یارمەتیدانی دیکتاتۆرەکانی بۆ خۆی مۆنۆپۆڵ کردوە.
من لە ناوەوە باوەڕم وایە کە داپۆشینی دەموچاو تاوانیکە دەرهەق بە پەروەردگار، ژیانیش دروست نییە وسەرناگرێت بەبی یەکتر ناسین، بەڵام لەبەردەم دەبەنگی پیاودا و نەقسی عەقڵیدا ناتوانین ناڕەزایی دەربرین، چونکە یەکسەر تەکفیرمان دەکات، شتێکی تری لی دەرەنجام دەکات، بە درۆ و بە بوهتان دەڵێت کەوا ئێمە داوای ئازادی خۆرهەڵاتی دەکەین، وداوای بەڕەڵایی و دەرخستنی دەموچاو دەکەین، هەتا ڕاوکردنمان ئاسان بێت!
پێم نەگووتی پێشتر کە پیاوان ناقیسی عەقڵ ودینن؟!
دەستەخوشکێکم پیاوەکەی نەیهێشت بە هیچ شێوەیەك ئوتۆمبیل لێ بخوڕێت بۆ گەیاندنی مناڵەکانی بۆ قوتابخانە. ئافرەتەکە دەیویست منداڵی خۆی بپارێزێت، بەڵام مێردەکەی خۆی دەپاراست، وایدەزانی لەگەڵ دەرخستنی دەموچاوی و لێخوڕینی ئوتۆمبیل ژنەکەی خۆی دەهاوێژێتە باوەشی یەکەم پیاو چاوی پێ بکەوێت. پیاویش بە عادەتی خۆی گومان لە ژن ناکات بەرلەوەی گومان لە خۆی نەکات، هەموو پیاوانی تریش وەك چڕنوکدار نابینێت، بەرلەوەی هەست بە چڕنکوکەکانی خۆی نەکات!
پیاوی وا دەبەنگن ئەگەر کێشەکە پەیوەندی هەبوو بە پاراستنی منداڵەکان، چونکە ئەو گورگەی بۆیان لە کەمینە وەک ئەو پیاوە، فڕوفێڵ و تەکنیکەکانی دەستدرێژی و لاقەکردن و گێچەڵ باش دەزانێت.
کارەسات ئەوەیە پاش سێ ساڵ باوك و دایك بۆیان دەرکەوت کە سایەقی زگورتی و مەحروم لە سێکس، گێچەڵی سێکسی بە بە منداڵەکانیان دەکات لە ماوەی ئەو چەند خولەکەی کە منداڵەکان سواری ئوتۆمبیل دەکات و یان کاتێ دادەبەزن. بە بیانووی بەستنی پشتێنی خۆبەستنەوە دەستی لە هەموو جەستەی بەریئی منداڵەکان دەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ملیۆنەها نیرینەی پاسەوانی رەوشت چاوپۆشی دەکەن لەو تاوانەی کە ڕۆژانە ڕوو دەدەن، تەقوای خوا ناکەن لە مندالە لاوازەکانیان.
پێم نە گووتی پیاو دەبەنگە؟

دووەم: تۆ خانمێکی ڕەوشت بەرزی میرد و شەڕەف و عەرز و دینت دەپارێزیت، بەقەد من پیاو ناناسیت، هەرچەندە تەمەنیشم بچوکە. من لە هەموو شوێنێك دەیان بینم، لەگەڵیان دەچمە ژووری داخراوەوە، سەرم بەرز دەکەمەوە پاش داپۆشینی دەموچاوم و هەنگاونان بەرەو ئەنجامدانی کارێك کە بە مێشکی هیچ کەسێك داناجێت لەوانەی سەیرمان دەکەن! ئەوان ژنێك یان کچێك یان هەتا پیاوێكی شاراوە لە ناو بەرگێکی ڕەشدا دەبینن، ئیتر بڕایەوە.
من بەشێکم لە کۆمەڵگایەکی دەبەنگ، دوو روو، پیاوانی سەرقاڵن بە قەدەغە کردنی خەلوەت، بەڵام ڕێگای ئاسانتر دادەهێنن بۆ ئەنجامدانی خەڵوەتە پڕ حەڕامەکان.
دەستەخوشکێکم هەیە هێندە جوانە ئەگەر ژنخوازان بیبینن شەڕی لەسەر دەکەن، ئەویش دەتوانێت یەکێکیان بە دڵی خۆی هەڵبژێرێت، ئێستا نزیکەی سی ساڵی تەمەنە هێشتا شووی نەکردوە، ئەو یەکێکە لە ملیۆنەها قەیرە لە جیهانی عەرەبی مونافیقدا.
بە کوڵ لای من گریا منیشی خستە گریان، کاتێ باسی ئەو داخوازیکەرانەی دەکرد کە هاتبوونە خوازبینی بەپیی وەسفکردنی ژنانی تر یان هەندێ لەوانەی دەیناسن. ئەنجامەکەی ڕەت کردنەوەی کچەکە بوو بۆ هەموو ئەوانەی دەیانویست هاوسەرگیری بکەن لەگەل کچێك کە نەشیان دیوە، ودڵیشیان بۆی لی نەداوە، یان هەتا هەستیشیان بۆی نەبزواوە!
ئەو ئافرەتە لە جیهانی حورمەکان ژیان دەباتە سەر، ساڵ تێدەپەڕن، تەمەن جوانی هەڵیدەبزرکینێ، چاوەڕیی نەناسراوێك دەکات لە دەرگای ماڵەوە بدات، بۆ کرینی ئەو کەلوپەلەی، کە ماوەی بەسەرچوونی نزیك بۆتەوە، بەپیی تێگەیشتنی کۆمەڵگاکەمان.
یەکەم: بەڵام ئافرەتی قەیرە لە کۆمەڵگا تێکەڵاوەکانیش هەن، و سفوریشن، وانیە؟
دووەم: لەو حالەتەدا هەل ومەرجی تر لە گۆڕێ دایە، دەتوانین باسی ئەوە بکەین کە زەواج قیسمەت ونسیبە، خودا چاکەی خۆی دەبەخشێتە داوێن پاکان.
بەڵام ئەوەی لای ئێمە ڕوودەدات شێوەیەکە لە شێوەکانی کۆیلایەتی، باوکان کوتاڵەکانیان [کچەکانیان] دەشارنەوە تا ڕۆژی فرۆشتنی کابرا نابینێت، زواج ودیتن لەیەك ساتدا ڕوو دەدەن!
ئیسلام کۆتا ئایینی ئاسمانیە، پێویستە موسڵمانان لەگەڵ سەردەمدا ئاشت بنەوە، چونکە ئەوان وشەکانی خوایان پێیە کە بۆ هەموو کات وسەردەمێك گونجاوە.
دەزانیت بۆ ئیسلام داوا دەکات زەواج ئاشکرا بکرێت؟
هەتا خەڵك یەکتر بناسن، ڕێگای داوێن پیسی ببڕێت، تا هاوسێ و خەڵکی گەڕەك و دۆست و ناسیاو و برادەران و هاوڕێی کارکردن هەمووی بزانن کە ئەو ئافرەتە ژنی ئەو پیاوەیە.

البث المباشرة مع حمزة محمد للإجابة على تساؤلاتكم التقنية كل خميس فقط. على مدونة تجيك تكنولوجيقريبا....
7:30 بتوقيت غرينيتش