حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵه‌وه، به‌ته‌واوی سێرڤه‌ره‌كانی ئینته‌رنێت كۆنترۆڵ ده‌كات، به‌وه‌ش هه‌مو زانیاریه‌كی به‌كارهێنه‌ری ئینته‌رنێت له‌ناو عێراق له‌لای حكومه‌ت ده‌بێت‌و به‌ئاسانی ده‌توانێت هه‌ر ماڵپه‌ڕێك بلۆك بكات كه له‌عێراقدا نه‌كرێته‌وه‌و خه‌ڵكی نه‌توانن به‌كاریبهێنن، وه‌زیری گه‌یاندنی عێراقیش باس له‌وه‌ده‌كات، ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و كاره ئه‌وه‌یه، خه‌ڵكی ئینته‌رنێت به‌شێوه‌یه‌كی زیانبه‌خش به‌كارنه‌هێنن.
(حه‌سه‌ن ڕاشید) وه‌زیری گه‌یاندنی عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كیدا كه وێنه‌یه‌كی گه‌یشتوه به گەڵ پرێسئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه، حكومه‌تی عێراق به‌هاوكاری كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی، سه‌رقاڵی دامه‌زراندنی پڕۆگرامێكی تایبه‌ت به‌كۆنتڕۆڵكردنی ئینته‌رنێته له‌عێراقدا، به‌جۆرێك حكومه‌ت بتوانێت هه‌مو سێرڤه‌ره‌كانی ئینته‌رنێت كۆنترۆڵ بكات‌و به‌ئاسانی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، به‌كارهێنه‌ر چی به‌كارده‌هێنێت ده‌ستبكه‌وێت.
ئاماژه‌به‌وه‌شكراوه، له‌ئێستادا حكومه‌تی عێراق هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر سێرڤه‌ره‌كانی ئینته‌رنێتدا نیه، ئه‌وه‌ش وایكردوه، زیان به‌كۆمه‌ڵگه بگه‌یه‌نێت‌و سه‌دان ماڵپه‌ڕی زیانبه‌خش كه له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی خه‌ڵكی عێراقدا گونجاو نین له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه به‌تایبه‌ت گه‌نجان به‌كارده‌هێنرێت، بێ ئه‌وه‌ی به‌هیچ فلته‌رێكدا تێپه‌ڕبن، هه‌ربۆیه حكومه‌ت هه‌مو سێرڤه‌ره‌كان كۆنترۆڵ ده‌كات‌و هه‌ر ماڵپه‌ڕێك كه ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی خه‌ڵكی عێراق‌و زیان بگه‌یه‌نێت به‌كۆمه‌ڵگه، بلۆك ده‌كرێت‌و له‌ناو عێراق ناكرێته‌وه.

