شارەزایەکی بواری تەندروستی رایدەگەیەنێت بوونی شاشەی LED ی مۆبایلەکانی ئایفۆن و تابلێتەکانی ئایپاد و زۆربەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی ئەم سەردەمە توشی زیانی مەترسیدارت دەکات بەجۆرێک زیان بەتۆری چاو دەگەیەنێت و توشی کوێریت دەکات. لەوبارەیەوە (دکتۆرە سیلیا سانشیز) شارەزای ئیسپانی لەتوێژینەوەیەکی زانکۆی مەدرید دا رایگەیاند ئەو شاشانە دەبنە ھۆی مەترسیدارترین حاڵەتی نەخۆشیی چاو کەبەشێوەی پەڵەیەک دەردەکەوێت و ئەمەش نەخۆشییەکی چاوە کەئازاری نیە و دەبێتە ھۆی لەدەستدانی ھەستی بینین. شارەزاکە رایگەیاندوە شاشەکانی LED لەساڵی ٢٠٠٧ ەوە تائێستا بەرھەم دەھێنرێت و پێنج ھێندە رووناکی شینی زیاترە لەجۆرە تەکنیکەکانی پێشووتر. وتیشی کەکەسانی باڵغ و منداڵان زیاتر توشی ئەم گرفتە دەبنەوە ئەگەر رۆژانە ٨ سەعات و نیو لەبەردەم ئەو شاشانەدا بمێننەوە و ئەگەری کوێربوونیان بەھێزە. بۆ خۆپاراستنیش پێویستە فلتەرێکی Reticare دابنرێت بۆ پاراستنت لەرووناکی شین کەھاوشێوەی تیشکی خۆر زیانبەخشە بۆ چاوەکانت.

